پڕۆسە
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕوسیا، رایگەیاند، دوای هێرشە تیرۆریستییەکەی سەر کۆشکی سەرۆکایەتی روسیا (کرێملین)، هیچ بژاردەیەک نیە جگە لە کۆتاییهێنانی جەستەیی زلێنسکی و باندەکەی.
دیمیتری مێدڤێدێڤ، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕوسیا لە پەیامێکدا لە پێگەی فەرمی خۆیەوە لە "تەلەگرام"دا نوسیویەتی، "دوای هێرشەکەی ئەمڕۆ، جگە لە کۆتاییهێنانی جەستەیی بە ڤلۆدیمیر زلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا و باندەکەی هیچی دیکە نەماوە، چونکە تەنانەت پێویستی بە واژۆکردنی بڕیاری تەسلیمبونی بێ مەرج نییە".
وەک دەزانرێت هیتلەریش واژۆی لەسەر تەسلیمبونی نەکردوە، هەمیشە بەدیلێک دەبێت
وەک بەراوردکردنێکی زلێنسکی بە هیتلەر کە تاوەکو کۆتایی تەمەنی خۆی رادەست نەکردوە، دیمیتری مێدڤێدێڤ ئاماژەی بەوەکردوە، "وەک دەزانرێت هیتلەریش واژۆی لەسەر تەسلیمبونی نەکردوە، هەمیشە بەدیلێک دەبێت".
ئەندامانی دۆما داوای لەناوبردنی ڕژێمی تیرۆریستی ئۆکرانیا دەکەن
لایخۆیەوە، ڤیاچێسلاڤ ڤۆلۆدین، سەرۆکی ئەنجومەنی دۆما، لە لێدوانێکدا سەبارەت بە هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر کرێملین، ڕایگەیاند، "ئەندامانی دۆما داوای بەکارهێنانی چەکی بەهێز لەلایەن سەرکردەکانەوە دەکەن بۆ لەناوبردنی ڕژێمی تیرۆریستی ئۆکرانیا".
داوای بەکارهێنانی ئەو چەکانە دەکەین کە توانای ڕاگرتن و لەناوبردنی ڕژێمی تیرۆریستی کیێڤیان هەیە
ئەوەشی خستەڕو، "ئێمە داوای بەکارهێنانی ئەو چەکانە دەکەین کە توانای ڕاگرتن و لەناوبردنی ڕژێمی تیرۆریستی کیێڤیان هەیە، ڕژێمێکی لەو شێوەیە هەڕەشە لە ئاسایش دەکات".
کیێڤ شەوی رابردو هەوڵیداوە شوێنی نیشتەجێبونی ڤلادیمیر پوتن بکاتە ئامانج
پێشتریش دەزگای ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتی ڕوسیا بڵاویکردەوە، "کیێڤ شەوی رابردو هەوڵیداوە شوێنی نیشتەجێبونی ڤلادیمیر پوتن، سەرۆک روسیا لە کرێملین بکاتە ئامانج، بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان".
لە راگەیەندراوەکەدا هاتوە، دو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کرێملینیان کردە ئامانج و بە خێرایی لەلایەن سوپای ڕوسیا و خزمەتگوزارییە تایبەتەکانی ڕوسیا خراونەتە خوارەوە، ڤلادیمیر پوتین هیچ زیانێکی پێنەگەیشتوە.
کرێملین دوپاتیکردەوە کە "ئەمە هێرشێکی تیرۆریستی پلان بۆ داڕێژراو و هەوڵێکە بۆ تیرۆرکردنی سەرۆکی دەوڵەت و ڕوسیا مافی خۆیەتی لە هەرکاتێک کە بە گونجاوی بزانێت ڕێوشوێنی تۆڵەسەندنەوە بگرێتەبەر".
ليست هناك تعليقات